تاریکە، بەڵام گۆرانی دەڵێم*.. ثیاگۆ دومیلۆ – وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

کورتەیەک سەبارەت بە شیعری ( تاریکە بەڵام گۆرانی دەڵێم)
لە نێوانی ١٩٦٢ بۆ ١٩٦٣ بەرەی چەپ لە بەرزایل دەسەڵاتدارێتی وڵاتی بە سەرۆکایەتی جەۆ گوڵارت گرتبووە دەست و هیوایەکی گەورە هەبوو بەرەو گۆڕانکاری. لەم کاتەدا شاعیر ثیاگۆ دومیلۆ کە بەشاعیری ئەمەزۆنی ناسرابوو شیعری ئاسۆی جوتیارانی نووسی کە زۆر بەباشی توانی نەک هەر ماندوبوونیان لەکاری جوتیارییدا لە پێناوی بژێوییدا بەڵکوو ئومێدیشیان بۆ ژیان لەو شیعرەدا بخاتە روو. دۆخی سیاسی دەسەڵاتدارێتی بەرەی چەپ درێژەی نەکێشا و لە ١٩٦٤ بە پشتیوانی ئەمریکا کودەتای سەربازی کرا و دۆخەکە بۆ خەڵکی کرێکار و جوتیاران بەرەو خراپی رۆشت. لە ١٩٦٥ ئەم شیعرە بڵاوبووەوە و لەلایەن گۆرانی بێژ (نارا لیۆ)وە کرا بە گۆرانی بە ناوی ( تاریکە بەڵام گۆرانی دەڵێم) دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوایخۆیدا هێناو و وەک سرودی نیشتمانی سەیر دەکرا.

تاریکە، بەڵام گۆرانی دەڵێم*.. ثیاگۆ دومیلۆ
وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا
حوزەیران ٢٠٢٤

خاکەکە هێشتا تاریکە
لە بەرەبەیانی جوتیاراندا،
بەڵام پێویستە بچێنرێت.
شەوە زەنگە،
بەڵام بەیانی بەڕێوەیە

جێگایەک نییە بۆ گۆرانی
کە لە ترس و لاساییکردنەوە چێکرابێت
بۆ دابڕاوێکی گەمژە
ئێستا کاتێکە بۆ راستی
بە بەردەوامی و بەسادەیی گۆرانی بڵێ
ئێستا کاتێکە بۆ شادی
کە رۆژ بە رۆژ لەسەر یەکنراوە
لەگەڵ نان و گۆرانی.

ها ئەوە کە روودەدات ( لە هەوادا هەستی پێدەکەم)
کاتی پێگەشتنی گەنمە
کاتی دروێنەش دێت.
موعجیزە هەڵدێ هەروەکوو
بارانە شینەکانی سەر کێڵگەکانی گەنمەشامی
لاسکی فاسۆڵیاکان گوڵەکانیان دەپشکوێت
شیلەی تازە دەڕژێت
لە درەختە پلاستیکییە دوورەکانمەوە.

ئاسۆی هیوا،
کاتێک بۆ خۆشەویستی زۆر نزیکە.
تیشکە ئاگراوێکانی خۆر دروێنە دەکەم لەسەر زەوی و
کێڵانی روناکی لەگەڵ قامیشی شەکر
رۆحم بۆتە ئاڵا.

ئاسۆی جوتیاران
خاکەکە تاریکە ( بەڵام زۆریش نا)
کاتی کارکردنە
تاریکە بەڵام گۆرانی دەڵێم
چوونکە سپێدە بە ڕێوەیە
( تاریکە، بەڵام گۆرانی دەچڕم).


Thiago de Mello* مارس ٣٠- ١٩٢٦ – ١٤ی کانونی دووەم- ٢٠٢٢ شاعرێکی ناسراوی خەڵکی بەرازیلە و وەک شاعرێکی ئەمازۆنی ناسراوە. کارەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

سەرچاوە:
https://mronline.org/2022/07/22/it-is-dark-but-i-sing-because-the-morning-will-come-the-twenty-ninth-newsletter-2022/?utm_source=rss&utm_medium=rss&utm_campaign=it-is-dark-but-i-sing-because-the-morning-will-come-the-twenty-ninth-newsletter-2022&mc_cid=9acf07719b&mc_eid=25ab8c34a3&fbclid=IwZXh0bgNhZW0CMTAAAR1Kf15ryhCGZrjZ5Oz-b9s3T2PpM4wqEvcRZhBFSS6e31gcnmOm8wFsRxQ_aem_AcoryWn33NrQ8juJnSehy1Yu_JRHxHpyblZ4pSRK5o_4fCpUNb6rK8dWc5e4XjQOtPwavxtDhHIVlDZ_UwDnbFCR

Posted in

Dengekan

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشیبەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.